د. رەوشت رەشید
لەپەیرەوی ناوخۆی سەندیكای پزیشكانی كوردستان هاتوە كە دەبێت سەندیكا هەموو چوارساڵ جارێك هەڵبژاردن و كۆنگرەی خۆی بكات. بەڵام نزیكەی 10-12 ساڵ تێپەری و سەندیكای پزیشكان كۆنگرەی نەكردووەو لەرووی یاساییەوە شەرعیەتی نەماوەو دوای یەكگرتنەوەی دوو لەتەكەی سەندیكا، شەش مانگ یەكێـتی و شەش مانگیش پارتی سەندیكا بەرێوە دەبات و وەك هەڵگرتنی تەرمی مردوو، بەنۆرە لەیەكتری وەردەگرن.
ئەم بەرێوەبردنە هەزەلیە كە لە هەمووشتێك دەچێت لە كاری سەندیكایی نەبێت ناكەینە تەوەری قسەكردن، بەڵام دەمانەوێت قسە لەسەر هەڵوێست و وەزعی ئەم دوو حیزبە بكەین لە پرۆسەی ئەنجامدانی كۆنگرەی داهاتووی سەندیكای پزیشكان.
پێش نزیكەی 10 مانگ ودوای فشارێكی زۆر لەلایەن پزیشكان بە كتابێكی رەسمی لەلایەن سەندیكای پزیشكانەوە بریاردرا كە لەمانگی 11 ی ساڵی 2011 هەڵبژاردنی سەندیكا ئەنجام بدرێت. ئیدی لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرە پێكهێنراو پزیشكان ئاگاداركرانەوە كە خۆیان ئامادە بكەن بۆ هەڵبژاردن.
سەرەتا یەكێتی وپارتی وا تێگەیشتبوون كە ئەم جارەش دەتوانن وەكو هەموو جارێك پۆست و پایەوكورسیەكانی سەندیكاكە لەنێوان خۆیان بەش بكەن و بە سینارۆیەك دیموكراسیەتی هەڵبژاردنی سەندیكا بە میدیاو پزیشكان بفرۆشنەوە. بەڵام دواتر كاتێك بینیان پزیشكان چاویان لەجاران كراوەترەو هۆشیارتر لەجاران سەیری تێكرای پرۆسەكە دەكەن وكاتێك تێگەیشتن كە ئیدی خەڵك گاڵتەی بەم مۆدیلی بەرێوەبردن و بەم مەهزەلەی دیموكراسیەتە دێت وچیتر پزیشكان ئامادە نین كوێرانە بچنە هەڵبژاردن و بەشداربن لە پێكهێنانی سەندیكایەكی سەوز وزەردی كارتۆنی، ئیدی كێشە كەوتە نێوان ئەندامانی لێژنەی ئامادەكاری هەڵبژاردن ولەدەرەوەش یەكێتی وپارتی كەوتنە یاریكردن و پلاندانان بۆ پەكخستنی پرۆسەكە.
ئەوەبوو هەر رۆژەو بریارێك و هەر رۆژەی بەروارێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە دەخرایە روو. سەرەتا بریاریان دا هەڵبژاردن بەلیستی حیزبی داخراو بێت ،دوایی كە نارەزایی پزیشكانیان بینی وتیان نەخێر بە لیست نابێت بەڵكو هەموو پزیشكێك دەتوانێت ببێتە نوێنەری پزیشكان وهەڵبژارن بە كراوەیی دەبێت. پاشان ئەندامانی یەكێتی و پارتی كەوتنە بڵاوكردنەوەی نوسین و بەیاننامە لەدژی یەك. هەریەك ئەوەی تری بەوە تاوانبار دەكرد كە یەكلایەنانە بریار دەدات وپابەند نیە بە ئیتیفاقیەی ستراتیژی. دواتر دوای چەندین كۆبوونەوەو دوای چەندین جار گۆرینی ئەندامانی لێژنەی ئامادەكار و دوای چەندین دواخستن بۆ بەرواری هەڵبژاردنەكە بریاریان دا كە هەڵبژاردن بەشێوەی لیستی كراوەی رێژەی بێت و یەكێتی و پارتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن و هەڵبژاردنەكەش لەمانگی 5 ی 2012 بكرێت.
كاتێك سەیری ئەم فلیمە دەكەین یەكەم پرسیار كە دێت بە هزرمان ئەوەیە بۆدەبێـت هەڵبژاردنی پزیشكان بكرێت بە پرۆسەیەكی سیاسی حیزبی؟ بۆدەبێت پزیشكان نەتوانن بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بێ دەست تێوەردانی یەكێـتی وپارتی وهێزە سیاسیەكانی دی نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن؟ تاكەی دەبێت سێبەری یەكێتی و پارتی بەسەر هەموو پرۆسەیەك و هەموو كونجێكی ژیانی ئەم میللەتەوە بێت. بۆ دەبێت لەدەرەوەی بریار وبەرژەوەندیەكانی یەكێتی وپارتی هیچ بریارو بەرژەوەندیەكی دیكەی گشتییش مومكین نەبێت؟
بەڵام لەلایەكی ترەوە ئەم وێنەیە چەندە تراژیدی و خەمهێنە، ئەوەندەش مژدەبەخشەو ئەوراستیەمان پێدەڵێت كە یەكێتی و پارتی لە چ دۆخێكی ناجۆر و ناهەموار دەژین. ئەم رووداوە تێماندەگەیەنێت كە یەكێتی و پارتی بەراستی متمانەو باوەریان لەنێو توێژە رۆشنبیرەكانی كۆمەڵگای ئێمە لەدەستداوەو خۆیشیان بەبینینی ئەو ژمارە كەمەی ئەندامانیان و بەم هەموو نارازی و بەرهەڵستكارە وبەدابەزینی ئاستی خەبات و تێكۆشانی سیاسیان بۆ ئاستی شەركردن لەسەر كورسیەكی سەندیكای پزیشكان و نەتوانینیان لە دەستنیشانكردنی چەند كادیرێك كە جێی متمانەو رەزامەندی خەڵك بن، تێگەیشتوون كە لە چ وەزعێكی ناهەموار وپڕناكۆكیی دەژین. وەزعێك كە چەندە ناجۆرو تاریكە ئەوەندەش مژدەی سەرەتایەكی تازە بە كۆمەڵگای ئێمە دەبەخشێت.
دەستەکانت خۆش کاکە دکتۆر....
ReplyDeleteبە هیوای سەرکەوتن.....