Saturday, June 23, 2012

چەك و كارەسات


د. رەوشت رەشید

چەند رۆژێك لەمەوبەر لەدوای چەند یاریەكی یتۆپی پێی ئەوروپی لەشاری هەولێرو شارەكانی تری كوردستان تەقەیەكی زۆر كراو چەندین جاری تریش بەبۆنەی بردنەوەی تیپێكی وەرزشی یانیش لەبەر هەر بۆنەیەكی تر ئاسمانی شارەكان كراون بە یەك پارچە ئاگرو لەگەڵ خۆیدا چەندین قوربانی خستۆتە نەخۆشخانەو گۆرستانەكانەوە. كاتێكیش پێش چەند رۆژێك دەربارەی ئەم دیاردەیە چاوپێكەوتن لەگەڵ یەكێك لە بەرپرسەكانی پۆلیسی شاری هەولێر كرا زۆر بە راشكاوانە ووتی: ئێمە توانای كۆنترۆڵكردنی ئەم دیاردەیەمان نیە. هۆكاری سەرەكی ئەم تەقەكردنە ئەوەیە هەولێرو شارەكانی دیكەی كوردستان بونەتە جبەخانەیەكی گەورەو دەگمەن وایە ناڵێك بدۆزیتەوە پارچەیەك چەكی تێدا نەبێت.

ئەم پرچەك كردنەی وڵات هەربەتەنها نەبۆتە هۆی تەقەكردن لەكاتی بۆنەكان و برینداربوون ومردنی چەند كەسێك دەرەنجامی ئەو تەقەكردنە، بەڵكو لەگەڵ خۆیدا چەندین دەرەنجامی دیكەی نێگەتیڤی خستۆتە نێو ژیانی ئێمە.
یەكێك لە دەرەنجامەكان بریتیە لەوەی بەشێكی زۆری كێشەو گرفتە كۆمەڵایەتیەكان بەخوێن و  مەرگەسات تەواو بن. كاتێك دوو كەس یان دوو بنەماڵە دەبێتە شەریان، گومانی تێدا نیە ئەگەر چەك لەبەردەست نەبێـت ئەوا لەخراپترین حاڵەتدا شەرەكە بەچەند بۆكسێك یان ئەوپەریەكەی سەرشكانێك كۆتایی دێت و دواتر ئاشتبوونەوەو ئاسایی وەزعەكە كارێكی ئاستەم نابێت. بەڵام كاتێك چەك لەبەردەست بێت ئەوا دەرەنجامی كێشەو شەرو ناتەباییە كۆمەڵایەتیەكان ئەو كارەسات وماڵوێرانیە دەبێت كەلەماوەی رابردوودا لە چەمچەماڵ و هەولێر و دهۆك روویانداو تیایدا چەندین رۆڤ لەسەر چەند گرفتێكی زۆر سادە بوونە قوربانی.
 دەرەنجامێكی دیكەی ئەو پرچەك كردنە بریتیە لەو هەموو حاڵەتی خۆكوشتنەی كەلەرێگەی چەكەوە ئەنجام دەدرێن. لێكۆڵینەوە زانستیەكانی بواری تەندروستی دەروونیی ئەوەیان سەلماندوە كە یەكێك لە هۆكارەكانی خۆكوشتن بریتیە لە فەراهەمبوونی كەرەستەی خۆكوشتن (وەك ئاگرو چەك و دەرمان...) . هەبوونی چەك لەزۆربەی ماڵەكانی كوردستان یەكێكە لەو هۆكارانەی وایكردوە بەشێك لەگەنجان لەرێگەی چەكەوە كۆتایی بەژیانیان بێنن و رەنگە ئەگەر ئەو چەكە لەبەردەست نەبێت خۆكوشتنەكە دوابكەوێت و دواتر رێی لێبگیرێت.
ئەمە جگە لەوەی كە ئەم پرچەك كردنە جۆرێك لە هەستی خۆبەزلزانیی و توندوتیژی وعەنتەریاتبازیی لای هەندێك لە خەڵك دروست كردووە كە رۆحی لێبوردن وبەخشندەیی تاسەرئێسقان لەكۆمەڵگای ئێمە كاڵ كردۆتەوە.

ئێستا بابپرسین ئەم پرچەك كردنە لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە و هۆكارەكانی كامانەن؟
دیارە بەشێك لە پرۆسەی پرچەك كردنی كۆمەڵگای كوردی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بەعس وپەیوەندیدارە بە پرۆسەی بەجاشكردنی كورد كاتێك بەعس چەك و تەقەمەنیەكی زۆری بەسەر جاشەكان دابەشكرد.
ئەم پرۆسەیە بەردەوام بوو تا راپەرین، لەراپەرینیش رێژەیەكی زۆری چەك كەوتە دەست هاوڵاتیان و ماڵێك نەما پارچەیەك چەك تیایدا نەبێتە مەزهەریەی ژووری مێوانەكانی.
دواتریش لەشەری ناوخۆدا دەسەڵاتی كوردی دیسان پرۆسەی پرچەك كردنی ماڵی كوردی زیندوو كردەوەو جارێكی تر چەكهەڵگرتن و هەبوونی چەك لە هەموو ماڵێك بوو بە مۆدێل.
گەورەترین كێشە لەم دۆخەدا ئەوەیە بەشێكی زۆر لەو خەڵكانەی چەكیان هەیە مۆڵەتی یاساییان هەیەو تائێستاش دەسەڵاتی كوردی بەردەوامە  لەبەخشینی ئەو مۆڵەتەو كەچی لەولاشەوە دەفەرموون( ئێمە توانای كۆنترۆڵكردنی تەقەكردنمان نیە).
بێگومان توانای كۆنترۆڵكردنتان نامێنێت چونكە خۆتان شەرعیەتتان بەخشیوەتە چەكهەڵگرتن و خۆتان بەشداربوون لە پرچەك كردنی ئەم وڵاتەو تائێستاش بەردەوامن لەم شەرعیەتپێدانە.

یەكێك لەو هەنگاوە گرنگانەی كە دەبێت حكومەت بیری لێبكاتەوە بۆچارەسەركردنی كێشەی هەبوون و بەكارهێنانی چەك لەناو كۆمەڵگا بریتیە لە دەركردنی بریارێكی یاسایی بۆ قەدەغەكردنی هەبوونی چەك لە ماڵەكان و سەندنەوەی مۆڵەتی چەكهەڵگرتن لە هاوڵاتیانی ئاسایی و سیڤیل وكورتكردنەوەی مۆڵەتی  هەڵگرتن و بەكارهێنانی چەك بۆ پاسەوان وسەربازو پۆلیس و هێزە یاسایی و شەرعیەكان، ئەگینا حكومەت بەرپرسی یەكەمی ئەم هەموو ماڵوێرانیە دەبێت كە چەك بەرهەمی دێنێت. 

No comments:

Post a Comment