د. رەوشت رەشید
كەسێك لە ماناكانی ژیان و ئەخلاق تێبگات دەزانێت كە ئیلتیزامێكی ئەخلاقی ومەبدەئی هەموو خاوەن پیشەیەك بەپیشەكەی خۆی دەبەستێتەوە، جا ئەم پیشەیە رەسمی بێت یان غەیرە رەسمی ، حكومی بێت یان غەیر حكومی. لەنێوان دارتاشێك وپیشەكەی جۆرێك لە ئیلتیزام هەیە، لە نێوان وێنەگرێك و ئیشكردنەكەی جۆرێك لە ئیلتیزام هەیە، لەنێوان نوسەرێك ونوسین، لە نێوان مامۆستایەك ومەنهەجی وانە گوتنەوە، لەنێوان فەرمانبەرێك ودائیرەكەی.. لەنێوان هەموو ئەمانەدا جۆرێك لە ئیلتیزام هەیە. ئەم ئیلتیزامە ماناو مەدلولی جۆراوجۆری لەپشتە، لەوانەیە ئەو ئیلتیزامە پیشەیی بێـت ، یان ئیستاتیكی، یان پەروەردەیی، یانیش ئینسانی، بەڵام دواجار هەریەك لەو ئیلتیزاماتانە ئەخلاقێك دەیانبات بەڕێوە كە بەبێ ئەو ئەخلاقیاتە، هەم پیشەكەو هەم خاوەنی پیشەكەش بەشێكی زۆر لە هەیبەت ورەوایەتی خۆیان لەدەست دەدەن ودەكەونە چوارچێوەی گومانەوە.
لە ماوەی رابردوودا رێپۆرتاژێكم بینی كە لەیەكێك لە رۆژنامەكان بڵاوكرابوەوە، ئەو رێپۆرتاژە ناوی یەكێك لە پزیشكە پسپۆرەكان دێنێت كە وەڵامی برادەرانی ئەورۆژنامەی نەداوەتەوەو فەرمویەتی:(لە عیادە مەجالم نیە، مەگەر لە دەرفەتێكی تر بێن بۆ نەخۆشخانە).
دیارە ئەمە تاكە رووداونیە، من بۆخۆم رۆژێكیان چومە عیادەی یەكێك لە پزیشكە پسپۆرەكانی هاوپیشەی خۆم، ویستم باسی بابەتێكی لەگەڵدا بكەمەوە، یەكسەر رایگرتم وگوتی: (دكتۆر گیان ئەم مەوزوعە لێرە باس مەكە، وەرە لە نەخۆشخانە باسی دەكەین).
دیارە مانای هەرە سادەی ئەم وەڵامەی ئەو پزیشكە بەرێزانە ئەوەیە ئەوان لە عیادە سەرقاڵی نەخۆش بەڕێكردنن ومەجالی قسەو باسیان نیە، بەڵام لە نەخۆشخانە مەجالیان زۆرە..لێرەدا دەپرسین ئایا بۆچی پزیشكان لە عیادەی تایبەتی خۆیان مەجالی قسەكردنیان نیە بەڵام لە نەخۆشخانە مەجالیان زۆرە؟ ئایا بۆچی پزیشكان لە عیادەكانیان كات ئەوەندە گرنگە كە مەجالیان نیە دوو قسەی تیا بكەن، كەچی لە نەخۆشخانە كە رۆژانە هەزاران نەخۆش رووی تێدەكات وپڕە لە ئیش وسەرقاڵی، كات ئەوەندە بێنرخەو ئەوەندە زۆرە كە ئاساییە هەرباس وخواسێكی لێبكەنەوەو تا حەز دەكەن قسە بكەن؟!.
من لێرەدا هەندێ لەو خاڵانە باس دەكەم كە تێماندەگەیەنێت ئەو هەموو مەجالەی پزیشكان لە نەخۆشخانە حكومیەكان لەكوێوە دێت:
1- هەموو پزیشكێكی پسپۆر لە هەفتەیەكدا رۆژێكی بۆ دانراوە كە دەبێت لەو رۆژەدا لە سەعات هەشتی بەیانی تا یەكی نیوەڕۆ نەخۆش ببینێت وچارەسەریان بكات. زۆربەی پسپۆرە بەرێزەكان لەو پێنج سەعاتەی كە بۆیان دانراوە تەنها چەند دەقیقەیەك دەچنە راوێژكاریەكان و، پاشان وەزعەكە تەسلیمی ئەو پزیشكە گەنجانە دەكەن كە لە قۆناغی خوێندن وفێربووندان .
2- هەر پزیشكێكی پسپۆر پێویستە هەموو بەیانیەك ، هەموو ئەو نەخۆشانە ببینێت كە داخیلی كردوون و، دەبێت بە تێروتەسەلی بیانپشكنێت و، بەردەوام چاودێری باری تەندروستیان بكات. كەچی لە نەخۆشخانەكانی ئێمە جگە لە ژمارەیەكی كەمی پزیشكان، هیچ پزیشكێكی پسپۆر وەكو پێویست بەو كارە هەڵناستێت وزۆربەیماندوبون وبەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی پزیشكە لاوەكان.
3- لە هەندێ لە نەخۆشخانەكان شوێنێك هەیە پێیدەڵێن شوێنی ئیسراحەتی پزیشكان. ئەوەی جێی سەرەنجە ئەوەیە ئەو شوێنە لەگەرمەی دەوامی رەسمیدا وەكو دیوەخان وایەو، بەشێكی زۆری پسپۆرەكان لەوێ خەریكی چا خواردنەوەو نوكتە گێڕانەوەن ، لەكاتێكدا نەخۆشەكان ئەم ژورو ئەو ژور بەدوای ئەم بەرێزانە دەگەڕێن. ئەو پزیشكانەش كە ناچنە ئەو شوێنە یان لە ژوری تایبەتی خۆیانن یانیش نەخۆشخانە بەجێدەهێڵن ودەڕۆن ئۆغر.
ئیدی پزیشكێك لە راوێژكاری دەوام نەكات و، لە هەفتەیەكدا تەنها چەند دەقیقەیەك نەخۆشەكان ببینێت و باقی خەریكی چا خواردنەوەو ئینتەرنێت وقسەی قەڵەو بێت، چۆن لە نەخۆشخانەدا مەجالی یەكجار زۆرنابێت، بەتیایبەت كە دەسەڵاتێك نەبێت لێیبپرسێتەوەو پێی بڵێت: ئەی ئەوەی ئیدیعای مرۆڤدۆستی دەكەیت، خۆ تۆ لە نەخۆشخانەش پارە وەردەگریت، تاكەی ئەو هەموو بێویژدانیە؟
دكتۆر گیان سلاو ئێمە ئەم وتارەمان بەلاوە گرنگەو سودی تێدایە بۆ هەموولا، بۆ یەلە ماڵپەڕی چاوی خەڵك بڵاوی دەكەینەوە بۆ جەنابت.. ئەگەر نارازیش بویت تكایە ئاگادارمان بكەوە
ReplyDeleteلەگەڵ رێزدا
ئاسۆ ئەمین بەرپرسی ماڵ