Monday, April 8, 2013

میدیا و متمانەی كۆمەڵایەتی

د. رەوشت رەشید

كۆنترۆڵی سەتەلایتەكەم گرت بەدەستەوەو یەكێك لە كەناڵە كوردیەكانم كردەوە.كورتەی هەواڵەكان بەم شێوەیە بوو:  برایەك خوشكەكەی خۆی دەكوژێت و دواتر لەدەروەی شار پارچەپارچەی دەكات. شاعیرێك گیان لەدەست دەدات و قسەی ئەوە هەیە هێزەكانی پۆلیس كەمتەرخەم بووبن لە مردنی. تەقینەوەیەكی گەورە لەپایتەخت چوار كوژراو و23 برینداری لێكەوتەوە كە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن و یەكێك لە هێزە ئیسلامیەكانیش بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوەیە راگەیاند. ئەمرۆ لە شارە جۆراوجۆرەكانی  سوریا 47 هاوڵاتی سیڤیل بە فیشەكی هێزە ئەمنیەكان بوونە قوربانی.....
باكەمێك بەیەكەوە لەم هاواڵانە وورد بینەوەو سەیری قوربانی و بكوژەكان بكەین.قوربانیەكان بریتین لە خوشكێك و  چەندئافرەت و منداڵێك و شاعیرێك و چەند هاوڵاتیەكی سیڤیل. بكوژو گومانلێكراوەكانیش بریتین لە برایەك و هێزێكی دینی و هێزەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنیەكان.
ئەمە چیمان پێدەڵێت؟!
ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە كە دەبێت برا پشت و پەناو پارێزەر بێت، هێزە دینیەكان بڵاوكەرەوەی خۆشەویستی و تەبایی و مرۆڤدۆستی بن، پۆلیس یارمەتیدەرو پەناگەو جێگەی دڵنیایی خەڵك بێت، هێزە ئەمنیەكانیش پارێزەری ئەمنیەت و ئاسایشی هاوڵاتیان بن و لەكوێ‌ گیان و بەرژەوەندی هاوڵاتیان كەوتە مەترسیەوە ئەوان لەوێ‌ بن بۆئەوەی ئاساییش و هێمنی و سەڵامەتی هاوڵاتیان بەرقەرار بكەن.
بەڵام ئەم هەواڵانە شتێكی ترمان پێدەڵێن. پێمان دەڵێن چیتر براكان و هێزە ئایینیەكان و پۆلیس و هێزە ئەمنیەكان جێی متمانە نین. ئەم هەواڵانە پێمان دەڵێن بۆی هەیە براكان بمانكوژن و پارچە پارچەمان بكەن، بۆی هەیە هێزێكی ئایینی بمانتەقێنێتەوەو لەكون فەیەكونێكدا ئێمەو كۆمەڵێك ژن و مناڵ بكەن بە خۆڵەمێش، بۆی هەیە هێزە ئەمنیەكان تەقەمان لێبكەن و بمانكوژن، بۆشی هەیە لە رووداوێكی گوماناویدا لەنكاوێكدا بمرین و پۆلیسیش نەك هەر نەپرسێت بۆ، بەڵكو دەستیشی هەبێت لە مردنمان. 
ئەم هەواڵانەو چەندین هەواڵی دیكەی هاوشێوە رۆژانە لەرێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە دێنە نێوماڵەكانمان و لەرێگەی دووبارەبوونەوەو بەردەوام بوونیان دەبنە بەشێك لە هۆشیاری و تێگەیشتنی خەڵك. لەرێگەی ئەم هەواڵانەو چەندین هەواڵ و وێنەی دیكەی میدیاوە جۆرێك لە بێمتمانەیی و نیگەرانی كۆمەڵایەتی بڵاو دەبێتەوەو ئەگەر چاوێك بە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و هەڵسوكەوت و تێگەیشتنی تاكی كورد بكەین زۆر بەباشی هەست بەم نیگەرانی و بێتمانەییە دەكەین.
 ئەم بێمتمانەییە كە میدیا دەستێكی باڵای هەیە لە دروستبوونی وایكردووە  لەكۆمەڵگای ئێمە تاكێك دروست بێت كە متمانەی بەهیچ شتێكی ئەم وڵاتە نەماوە.
ئەم بێمتمانەییە دۆخێكی بەرهەمهێناوە تیایدا تاك متمانەی بە حكومەت و بە پۆلیس و بە هێزە ئەمنیەكان نەماوە. نەخۆش متمانەی بە پزیشك ونەخۆشخانەی كوردی نەماوە، هاوڵاتی متمانەی بە بازرگان و بەرهەم و كاڵا ناوخۆییەكان نەماوە. ئافرەت متمانەی بە پیاوو پیاویش باوەری بە ئافرەت نەماوە. ئۆپۆزسیۆن باوەری بە دەسەڵات و دەسەڵاتیش متمانەی بە ئۆپۆزسیۆن نەماوە. خوێنكار ومامۆستا متمانەیان بەیەك نەماوە. ئیدی دۆخێكی ترسناكی بێمتمانەیی هاتۆتە ئاراوە كە رۆژ دوای رۆژ تاك و هاوڵاتی بێمتمانەترو بێهودەترو نیگەرانتر بەرهەم دێنێت و رۆژ دوای رۆژ مەوداكانی بێئۆقرەیی ونیگەرانی دەروونی وكۆمەڵایەتی لەنێو كۆمەڵگای ئێمە گەورەترو فراوانتر دەكات.
دیارە دەسەڵات و سیاسەت و ئۆپۆزسیۆن چەندە بەرپرسن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەم دۆخە، دەزگاكانی راگەیاندنیش ئەوەندە بەشدارن لە بڵاو بوونەوەی ئەم بێمتمانەییە. راستە یەكێك لە وەزیفە سەرەكیەكانی راگەیاندن بریتیە لە بڵاوكردنەوەو گەیاندنی هەواڵ و زانیاری. بەڵام رۆلێكی گرنگتری راگەیاندنیش بریتیە لە رێزگرتن لە سایكۆلۆژیاو زەوق و یادەوەری مرۆڤ و هاوڵاتیان. كاتێكیش راگەیاندن ئەم ئیتیك و بنەما سەرەكیەی ئیشكردن دەدۆرێنێت ئەوا دەبێت بەگومانەوە بروانینە هەموو ئەو خەمە ئینسانیانەش كە خودی راگەیاندن بۆتە میراتگرو جەنگاوەری.
   

No comments:

Post a Comment