Monday, April 8, 2013

ئایین لە بازاری پزیشكیدا

د. رەوشت رەشید

جێگەی نكۆڵیكردن نیە كە بواری پزیشكیی بوارێكی خزمەتگوزاریە و پیشەی پزیشكیی لەخزمەتی مرۆڤایەتی دایە، بەڵام ئەمە رێگر نیە لەبەردەم ئەوەی پزیشكانیش وەكو سەرجەم خەڵكانی تر لەرێگەی زانین و پیشەكەی خۆیان پارە پەیدا بكەن و ژیانێكی جوان بژین. نەئێمە و نەهیچ كەسێك لەسەرتاسەری دونیا گلەیی لەوە ناكەین پزیشكان مافی خوێندن ماندووبوون و ئیشكردنی خۆیان وەربگرن و دەوڵەمەند بن. ئەوەی جێگەی گلەیی و رەخنەلێگرتنە ئەوەیە كە پزیشكان پیشەو زانستەكەیان بەشێوەیەكی ناشەرعی و نامرۆییانە بەكاربهێنن بۆ پەیداكردنی پارەو دەوڵەمەندبوون.
لەبازاری پزیشكیدا رێگەی نایاسی و ناشەرعی بۆ پەیداكردنی پارە زۆر و جۆراوجۆرن. یەكێك لەو شێوازە نا یاسایی و نادروستانە كە هەندێك لە پزیشكان پیادەی دەكەن بریتیە لە بەكارهێنانی ئایین بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و نواندنی رۆڵی پزیشكێكی ئیماندارو خواناس ئەمەش بە مەبەستی ئیشكردن لەسەر سۆز و عاتیفەی خەڵك.
لە كۆمەڵگای ئێمە بەوپێیەی كە كۆمەڵگایەكی موسوڵمان و دیندارە، بەشێوەیەكی گشتی خەڵك بەلایەوە گرنگە پزیشكەكەی خواناس و دیندار بێت، بەتایبەت لەكاتی نەخۆشی و لێقەوماندا خەڵك زیاتر بیر لە ئایین و خواناسی دەكاتەوەو دوور نیە هەست بەگوناهێكی گەورە بكات ئەگەر سەردانی پزیشكێك بكات كە لەرووی ئایینیەوە زۆر بەهێز نەبێت. بەمانایەكی تر لەناو خەڵك و جەماوەری كوردیدا پزیشك چەند زیاتر ئیدیعای دینداری و خواناسی بكات و چەند زیاتر ئیش لەسەر عاتیفەی ئایینی خەڵك بكات، زیاتر عیادەكەی قەرەبالغ دەبێت و زیاتر پارە پەیدا دەكات.
بەشێك لە پزیشكان زۆر باش لەم راستیە تێگەیشتوون هەربۆیەش زۆر بێویژدانانەو دوور لە هەموو بەهایەكی ئەخڵاقی و زانستی ئایین و عاتیفەی خەڵك بەكاردێنن بۆ قەرەبالغكردنی عیادەو دەوڵەمەندكردنی گیرفانەكانیان.
ئەم پزیشكانەی كە باسمان كردن شێوازی جۆراوجۆر دەگرنە بەر بۆ گەیشتن بەم مەرامە. بەشێكیان دەرۆن بۆ حەج و هەموو دونیاش لەم سەفەرەیان ئاگادار دەكەنەوە بۆئەوەی خەڵك بزانن كە جەنابی دكتۆر بووە بە حاجی و دەرەجەیەك لەخوا نزیك بۆتەوەو ئیمان و تەقوای زیاتر بووە، بەمەش لەمەولا لای خەڵك  چارەسەری و دەرمانەكانی جەنابیان لەهی پزیشكانی تر باشترو كاریگەرترە و بەرەكەتی زیاتری تیایە!
هەیانە هەموو رۆژانی هەینی یەكەم كەس خۆی دەكات بە مزگەوت و دوایین كەس دەرواتەوە ماڵ بۆئەوەی سەرجەم موسوڵمانانی مزگەوت بزانن كە جەنابی دكتۆر نوێژكەرێكی دەرەجە یەكەو حەكیمێكی لەخواترسە.
هەیانە لە عیادەكەی ئاوی زمزم دابەش دەكات و هەشیانە ناوە ناوە بە سكرتێرەكەی دەڵێت بە نەخۆشەكان بڵێ‌ 15 خولەك ئیجازەمان بدەنێ‌، جەنابی دكتۆر خەریكی نوێژكردنە . كاتێكیش رەمەزان دێت ئەم جۆرە دكتۆرانە شەڕیانە لەسەر ئەوەی كامیان زووتر خۆی دەگەیەنێتە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی یان ستۆدیۆی رادیۆیەك بۆئەوەی باسی سوود و قازانجەكانی رەمەزان بكات.
من كاتێك ئەم قسانە دەكەم دانی پیا دەنێم كە ئایین بۆ لایەنە رۆحی و دەروونیەكان كاریگەری زۆر باشی هەیەو بەهیچ شێوەیەكیش رەخنە لەوە ناگرین خەڵك مومارەسەی ئایینی خۆی بكات. هەروەها دژی ئەوەش نیم كە پزیشكان خودا ناس و ئایینپەروەر بن. ئەوەی جێگەی گلەیی ئێمەیە ئەوەیە ئەم پزیشكانە لەراستیدا ئەو كەسانە نین كە ئیدیعای دەكەن بەڵكو ئایین بۆ بەرژەوەندی خۆیان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك بەكاردێنن.
ئەوەی كە بۆ هەڵخەڵەتاندن و بۆ نواندن بچیتە حەج و رۆژانی هەینی لەریزی پێشەوەی نوێژكەران خەریكی تەزبیحات بیت و لە دەزگاكانی راگەیاندن خەریكی درۆ و قسەی نازانستی بیت و ئایین بۆ دەوڵەمەندكردنی عیادەكەت و فێڵكردن لە خەڵكی نەخۆش و داماو بەكاربهێنیت ئەوپەری لادانە لە بنەماو بەها مرۆیی و ئایینیەكان و دەرچوونە لە رەوشتی پزیشكی و شەرمەزار بوونە بەرامبەر بە مرۆڤبوون.

No comments:

Post a Comment