Friday, July 20, 2012

وەزیفەو ویژدان


د. رەوشت رەشید

كەسێك لە ماناكانی ژیان و ئەخلاق تێبگات دەزانێت كە ئیلتیزامێكی ئەخلاقی ومەبدەئی هەموو خاوەن پیشەیەك بەپیشەكەی خۆی دەبەستێتەوە، جا ئەم پیشەیە رەسمی بێت یان غەیرە رەسمی ، حكومی بێت یان غەیر حكومی. لەنێوان دارتاشێك وپیشەكەی جۆرێك لە ئیلتیزام هەیە، لە نێوان وێنەگرێك و ئیشكردنەكەی جۆرێك لە ئیلتیزام هەیە، لەنێوان نوسەرێك ونوسین، لە نێوان مامۆستایەك ومەنهەجی وانە گوتنەوە، لەنێوان فەرمانبەرێك ودائیرەكەی.. لەنێوان هەموو ئەمانەدا جۆرێك لە ئیلتیزام هەیە. ئەم ئیلتیزامە ماناو مەدلولی جۆراوجۆری لەپشتە، لەوانەیە ئەو ئیلتیزامە پیشەیی بێـت ، یان ئیستاتیكی، یان پەروەردەیی، یانیش ئینسانی، بەڵام دواجار هەریەك لەو ئیلتیزاماتانە ئەخلاقێك دەیانبات بەڕێوە كە بەبێ‌ ئەو ئەخلاقیاتە، هەم پیشەكەو هەم خاوەنی پیشەكەش بەشێكی زۆر لە هەیبەت ورەوایەتی خۆیان لەدەست دەدەن ودەكەونە چوارچێوەی گومانەوە.
لە ماوەی رابردوودا رێپۆرتاژێكم بینی كە لەیەكێك لە رۆژنامەكان بڵاوكرابوەوە،  ئەو رێپۆرتاژە ناوی یەكێك لە پزیشكە پسپۆرەكان دێنێت كە وەڵامی برادەرانی ئەورۆژنامەی نەداوەتەوەو فەرمویەتی:(لە عیادە مەجالم نیە، مەگەر لە دەرفەتێكی تر بێن بۆ نەخۆشخانە). 
دیارە ئەمە تاكە رووداونیە، من بۆخۆم رۆژێكیان چومە عیادەی یەكێك لە پزیشكە پسپۆرەكانی هاوپیشەی خۆم، ویستم باسی بابەتێكی لەگەڵدا بكەمەوە، یەكسەر رایگرتم وگوتی: (دكتۆر گیان ئەم مەوزوعە لێرە باس مەكە، وەرە لە نەخۆشخانە باسی دەكەین).
دیارە مانای هەرە سادەی ئەم وەڵامەی ئەو پزیشكە بەرێزانە ئەوەیە ئەوان لە عیادە سەرقاڵی نەخۆش بەڕێكردنن ومەجالی قسەو باسیان نیە، بەڵام لە نەخۆشخانە مەجالیان زۆرە..لێرەدا دەپرسین ئایا بۆچی پزیشكان لە عیادەی تایبەتی خۆیان مەجالی قسەكردنیان نیە بەڵام لە نەخۆشخانە مەجالیان زۆرە؟ ئایا بۆچی پزیشكان لە عیادەكانیان كات ئەوەندە گرنگە كە مەجالیان نیە دوو قسەی تیا بكەن، كەچی لە نەخۆشخانە كە رۆژانە هەزاران نەخۆش رووی تێدەكات وپڕە لە ئیش وسەرقاڵی، كات ئەوەندە بێنرخەو ئەوەندە زۆرە كە ئاساییە هەرباس وخواسێكی لێبكەنەوەو تا حەز دەكەن قسە بكەن؟!.
 من لێرەدا هەندێ‌ لەو خاڵانە باس دەكەم كە تێماندەگەیەنێت ئەو هەموو مەجالەی پزیشكان لە نەخۆشخانە حكومیەكان لەكوێوە دێت:
1- هەموو پزیشكێكی پسپۆر لە هەفتەیەكدا رۆژێكی بۆ دانراوە كە دەبێت لەو رۆژەدا لە سەعات هەشتی بەیانی تا یەكی نیوەڕۆ نەخۆش ببینێت وچارەسەریان بكات. زۆربەی پسپۆرە بەرێزەكان لەو پێنج سەعاتەی كە بۆیان دانراوە تەنها چەند دەقیقەیەك دەچنە راوێژكاریەكان و، پاشان وەزعەكە تەسلیمی ئەو پزیشكە گەنجانە دەكەن كە لە قۆناغی خوێندن وفێربووندان . 
2- هەر پزیشكێكی پسپۆر پێویستە هەموو بەیانیەك ، هەموو ئەو نەخۆشانە ببینێت كە داخیلی كردوون و، دەبێت بە تێروتەسەلی بیانپشكنێت و، بەردەوام چاودێری باری تەندروستیان بكات. كەچی لە نەخۆشخانەكانی ئێمە جگە لە ژمارەیەكی كەمی پزیشكان، هیچ پزیشكێكی پسپۆر وەكو پێویست بەو كارە هەڵناستێت وزۆربەیماندوبون وبەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی پزیشكە لاوەكان.
3- لە هەندێ‌ لە نەخۆشخانەكان شوێنێك هەیە پێیدەڵێن شوێنی ئیسراحەتی پزیشكان. ئەوەی جێی سەرەنجە ئەوەیە ئەو شوێنە لەگەرمەی دەوامی رەسمیدا وەكو دیوەخان وایەو، بەشێكی زۆری پسپۆرەكان لەوێ‌ خەریكی چا خواردنەوەو نوكتە گێڕانەوەن ، لەكاتێكدا نەخۆشەكان ئەم ژورو ئەو ژور بەدوای ئەم بەرێزانە دەگەڕێن. ئەو پزیشكانەش كە ناچنە ئەو شوێنە یان لە ژوری تایبەتی خۆیانن یانیش نەخۆشخانە بەجێدەهێڵن ودەڕۆن ئۆغر.
ئیدی پزیشكێك لە راوێژكاری دەوام نەكات و، لە هەفتەیەكدا تەنها چەند دەقیقەیەك نەخۆشەكان ببینێت و باقی خەریكی چا خواردنەوەو ئینتەرنێت وقسەی قەڵەو بێت، چۆن  لە نەخۆشخانەدا مەجالی یەكجار زۆرنابێت، بەتیایبەت كە دەسەڵاتێك نەبێت  لێیبپرسێتەوەو پێی بڵێت: ئەی ئەوەی ئیدیعای مرۆڤدۆستی دەكەیت،  خۆ تۆ لە نەخۆشخانەش پارە وەردەگریت،  تاكەی ئەو هەموو بێویژدانیە؟  
   

Sunday, July 1, 2012

یەكێتی و پارتی لە چ وەزعێكدان


د. رەوشت رەشید

لەپەیرەوی ناوخۆی سەندیكای پزیشكانی كوردستان هاتوە كە دەبێت سەندیكا هەموو چوارساڵ جارێك هەڵبژاردن و كۆنگرەی خۆی بكات. بەڵام نزیكەی 10-12 ساڵ تێپەری و سەندیكای پزیشكان كۆنگرەی نەكردووەو لەرووی یاساییەوە شەرعیەتی نەماوەو دوای یەكگرتنەوەی دوو لەتەكەی سەندیكا، شەش مانگ یەكێـتی و شەش مانگیش پارتی سەندیكا بەرێوە دەبات و وەك هەڵگرتنی تەرمی مردوو، بەنۆرە لەیەكتری وەردەگرن. 
ئەم بەرێوەبردنە هەزەلیە كە لە هەمووشتێك دەچێت لە كاری سەندیكایی نەبێت ناكەینە تەوەری قسەكردن، بەڵام دەمانەوێت قسە لەسەر هەڵوێست و وەزعی ئەم دوو حیزبە بكەین لە پرۆسەی ئەنجامدانی كۆنگرەی داهاتووی سەندیكای پزیشكان.
پێش نزیكەی 10 مانگ ودوای فشارێكی زۆر لەلایەن پزیشكان بە كتابێكی رەسمی لەلایەن سەندیكای پزیشكانەوە بریاردرا كە لەمانگی 11 ی ساڵی 2011 هەڵبژاردنی سەندیكا ئەنجام بدرێت. ئیدی لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرە پێكهێنراو پزیشكان ئاگاداركرانەوە كە خۆیان ئامادە بكەن بۆ هەڵبژاردن. 

سەرەتا یەكێتی وپارتی وا تێگەیشتبوون كە ئەم جارەش دەتوانن وەكو هەموو جارێك پۆست و پایەوكورسیەكانی سەندیكاكە لەنێوان خۆیان بەش بكەن و بە سینارۆیەك دیموكراسیەتی هەڵبژاردنی سەندیكا بە میدیاو پزیشكان بفرۆشنەوە. بەڵام دواتر كاتێك بینیان پزیشكان چاویان لەجاران كراوەترەو هۆشیارتر لەجاران سەیری تێكرای پرۆسەكە دەكەن وكاتێك تێگەیشتن كە ئیدی خەڵك گاڵتەی بەم مۆدیلی بەرێوەبردن و بەم مەهزەلەی دیموكراسیەتە دێت وچیتر پزیشكان ئامادە نین كوێرانە بچنە هەڵبژاردن و بەشداربن لە پێكهێنانی سەندیكایەكی سەوز وزەردی كارتۆنی، ئیدی كێشە كەوتە نێوان ئەندامانی لێژنەی ئامادەكاری هەڵبژاردن ولەدەرەوەش یەكێتی وپارتی كەوتنە یاریكردن و پلاندانان بۆ پەكخستنی پرۆسەكە. 
ئەوەبوو هەر رۆژەو بریارێك و هەر رۆژەی بەروارێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە دەخرایە روو. سەرەتا بریاریان دا هەڵبژاردن بەلیستی حیزبی داخراو بێت ،دوایی كە نارەزایی پزیشكانیان بینی وتیان نەخێر بە لیست نابێت بەڵكو هەموو پزیشكێك دەتوانێت ببێتە نوێنەری پزیشكان وهەڵبژارن بە كراوەیی دەبێت. پاشان ئەندامانی یەكێتی و پارتی كەوتنە بڵاوكردنەوەی نوسین و بەیاننامە لەدژی یەك. هەریەك ئەوەی تری بەوە تاوانبار دەكرد كە یەكلایەنانە بریار دەدات وپابەند نیە بە ئیتیفاقیەی ستراتیژی. دواتر دوای چەندین كۆبوونەوەو دوای چەندین  جار گۆرینی ئەندامانی لێژنەی ئامادەكار و دوای چەندین دواخستن بۆ بەرواری هەڵبژاردنەكە بریاریان دا كە هەڵبژاردن بەشێوەی لیستی كراوەی رێژەی بێت و یەكێتی و پارتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن و هەڵبژاردنەكەش لەمانگی 5 ی 2012 بكرێت.

كاتێك سەیری ئەم فلیمە دەكەین یەكەم پرسیار كە دێت بە هزرمان ئەوەیە بۆدەبێـت هەڵبژاردنی پزیشكان بكرێت بە پرۆسەیەكی سیاسی حیزبی؟ بۆدەبێت پزیشكان نەتوانن بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بێ‌ دەست تێوەردانی یەكێـتی وپارتی وهێزە سیاسیەكانی دی نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن؟ تاكەی دەبێت سێبەری یەكێتی و پارتی بەسەر هەموو پرۆسەیەك و هەموو كونجێكی ژیانی ئەم میللەتەوە بێت. بۆ دەبێت لەدەرەوەی بریار وبەرژەوەندیەكانی یەكێتی وپارتی هیچ بریارو بەرژەوەندیەكی دیكەی گشتییش مومكین نەبێت؟
بەڵام لەلایەكی ترەوە ئەم وێنەیە چەندە تراژیدی و خەمهێنە، ئەوەندەش مژدەبەخشەو ئەوراستیەمان پێدەڵێت كە یەكێتی و پارتی لە چ دۆخێكی ناجۆر و ناهەموار دەژین. ئەم رووداوە تێماندەگەیەنێت كە یەكێتی و پارتی بەراستی متمانەو باوەریان لەنێو توێژە رۆشنبیرەكانی كۆمەڵگای ئێمە لەدەستداوەو خۆیشیان بەبینینی ئەو ژمارە كەمەی ئەندامانیان و بەم هەموو نارازی و بەرهەڵستكارە وبەدابەزینی ئاستی خەبات و تێكۆشانی سیاسیان بۆ ئاستی شەركردن لەسەر كورسیەكی سەندیكای پزیشكان و نەتوانینیان لە دەستنیشانكردنی چەند كادیرێك كە جێی متمانەو رەزامەندی خەڵك بن، تێگەیشتوون كە لە چ وەزعێكی ناهەموار وپڕناكۆكیی دەژین. وەزعێك كە چەندە ناجۆرو تاریكە ئەوەندەش مژدەی سەرەتایەكی تازە بە كۆمەڵگای ئێمە دەبەخشێت.