Tuesday, February 7, 2012

حكومەتێك كە ناتوانێت پاتریەك دەربێنێ

د. رەوشت رەشید

زۆرجار خەڵك گلەییان لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە و دەڵێن بەبەراورد لەگەڵ ئەم هەموو بودجەو ئەو هەموو پارەو پولەی كە دەسەڵاتی كوردی هەیەتی، هیچ نەكراوە. ئایا ئەم رستەیە حوكمێكی بێویژدانانەیە یان شتێك لە راستی تێدایە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەم رووداوەتان بۆ دەگێرمەوە كە پێش چەند رۆژێك لە هەولێری پایتەخت روویداوە.
 منداڵێك پاتری (پیلێك) ی بچوك قوت دەدات و خزم و كەسەكانی دەیبەن بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لەناو شاری هەولێر. لەوێ‌  پێیاندەڵێن : بۆ هێناوتانە بۆ ئێرە؟ ئەمە مناڵە و دەبێت لە نەخۆشخانەی منداڵان چارەسەر بكرێت، بۆیە دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی منداڵان. لەوێ‌ پێیان دەڵێن: ئەمەتان بۆَ هێناوە بۆَ ئێرە؟ ئەمە پاتری قوت داوە، دەبێت پزیشكی نەشتەرگەری دڵ و لولەی خوێن  چارەسەری بكات. جارێكی تر منداڵەكە بە پاتریەوە دەبەنەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن، تەلەفۆن دەكەن بۆ پزیشكی ئێشكگری تایبەتمەند بە نەشتەرگەری دڵ و لولەكانی خوێن، جەنابی تەشریف ئەفەرموێ‌ و سەیری منداڵەكە دەكات، دوای پشكنین دەڵێت: كێ‌ پێی وتوون ئەمە عایدی منە؟ ئەمە دەبێت لەلایەن پزیشكی پسپۆری لوت و قورگ و گوێ‌ چارەسەر بكرێت. ناچار منداڵەكە ئەبەنەوە بۆ  نەخۆشخانەیەكی تری فریاكەوتن كە پزیشكی لوت و قورگ و گوێی لێیە. بەڵام چونكە لەم هەموو بگرەو بەردەیە كات بۆتە درەنگی شەو، پێیاندەڵین سبەی بیهێنەوە.
رۆژی دواتر ئەم خێزانە كوردە، كە پێش دوو ساڵ بەو پەری هیواو ئومێدەوە دەنگیان بۆ كابینەی حكومەتێكی كوردی داوە، بەوپەری ترس و حەسرەت و پرسیارەوە خۆیان و مناڵەكەوپاتریەكەی نێو قورگی دەبەنەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن، پزیشكی لوت و قورگ و گوێ‌ دەیبینێت و ئەڵێت، وەڵاهی ئەم خەڵكە زۆر سەیرن، كاكە ئەمە كەی ئیختیساسی منە، ئەمە دەبوایە لەلایەن پزیشكی نەشتەرگەری دڵ و مولولە چارەسەر بكرایە. دیسان ئەیاننێرێتەوە بۆلای پزیشكی نەشتەرگەری دل و مولولە. لەم بەینەدا یەكێك لە خزم وكەسەكانی منداڵەكە وەك فریشتە دێت و پێیان دەڵێت: كاكە مناڵەكەتان مەكەن بەقوربانی پارە، برۆن لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلیی پاتریەكەی بۆ دەربێنن و نەجاتی بدەن.
خوێنەری بەرێز، لێرەدا پێش ئەوەی چیرۆكەكە تەواو بكەم حەز دەكەم ئەوەت بۆ باس بكەم كە لەرووی زانستیەوە هەبوونی ئەم پاتریە لە بۆری خواردنی منداڵێك حاڵەتێكی مەترسیدارەو دەبێت لەماوەی چەند سەعاتێكی كەم دەربهێنرێت، ئەگینا لەوانەیە كێشەی گەورە دروست بكات.
بابگەرێینەوە بۆ چیرۆكەكەمان: دوای دوو رۆژ لە بگرەو بەردە و ئەوسەرو ئەمسەرو دوای دوو رۆژ لە گریان وهە ناسەسواریی مناڵێك، خزم وكەسی منداڵەكە بریار دەدەن بەهەر جۆرێك بێت پارەی نەشتەرگەریەكە دابین بكەن و لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی ئەم پاتریە لە قورگی مناڵە داماوەكە بێننە دەرەوە، ئیدی لە رۆژی سێیەمدا لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلیەكانی پایتەخت نەشتەرگەری دەرهێنانی پاتریەكە بە سەركەوتویی ئەنجام دەدرێت.
بەرێزان، مناڵێك سێ‌ رۆژ پاتریەك لە قورگیا گیری خواردبێت و لەهیچ كامێك لە نەخۆشخانە حكومیەكانی پایتەخت كەسێك نەبێت یارمەتی بدات وچارەسەری بكات، گوناه نیە بڵێین لە وڵاتێكی ئاوهادا مرۆڤ بەهای هەیە ؟  حكومەتێك لە تێكرای نەخۆشخانەكانی پایتەختەكەی نەتوانێت پاتریەكی چكۆڵانە لە گەرووی مناڵێك بێنێتە دەرەوەو وەزارەتی تەندروستیەكەی لە یارمەتیدانی مناڵێك بەقەد نەخۆشخانەیەكی ئەهلی پێنەكرێت، چی پی َ بڵێین و چۆن بتوانین چەپڵەی دەستخۆشی و ئافەرینی بۆ لێبدەین؟!
دواجار بەوپەری ئەدەبەوە لە جەنابی سەرۆك دەپرسم: ئەگەر ئەمە كورەكەی جەنابت  یان یەكێك لە بەرپرسە گەورەكانی وڵات بوایە چی دەقەوما؟ ئەی ئێوە سوێندتان نەخوارد كە هەموو مناڵانی كورد وەكو مناڵی خۆتان سەیر بكەن؟ بۆ خاتری خوا... كوا؟
 

2 comments:

  1. بةريز د.رةوشت
    ئةكةر ئةم باترية لة بوري هةناسةي بيت ئةوا بة بيي برياري بةريوةبةري فةرمانكةي تةندروستي هةولير بيش 6 سال بوةتة ئةركي بسبوري قورك و كوي, بةلام ئةكةر لة سورينجك بيت ئةوا ئةبيتة ئةركي بسبوري نةشتةركةري سينك و دل ئةم بريارة زوربةي بسبوراني قورك و كوي بي ئاكان لةمة ئةمة خالي يةكةم
    خالي دووةم باتري بةهوي شيوةكةي باوةرناكةم لة سورينجك بمينيتةوة بو ئةم ماوةية
    خالي سيةم ئاميري بيبينيني سورينجك و ريرةوي هةناسة(ناظور الصلب) لة نةخوشخانةي فرياكةوتني روزهةلات نية و نةخوشخانةي فرياكةوتني ناوةنديش راوةستاوة لة كار

    بو زانياري تا وةك بةركري تاك نةبيت من ئةم نةخوشةم نةديوة و سوباس بو ئةم زانيارية

    لةكةل ريزم
    د.ئاري صلاح الدين عثمان
    بسبوري نةشتةركةري دل و سينك

    ReplyDelete
  2. Dear Doctor Aree, Me and friends of mine very disappointed to hear this from a CARDIOTHORACIC SURGEON, because according to all CTS textbooks,articles and protocols Brochoscopy (Rigid & Fiberoptic)is the job of cardiothoracic surgeon and ENT has a limit till the Vocal cords... and it is my first time to hear that OGD is cardiothoracic's job...... well a FB in the bronchial tree with failed bronchoscopy do the otolaryngologist do THORACOTOMY or what?

    Zirak A. Tayeb
    SHO - Cardiothoracic Surgery

    ReplyDelete