Sunday, February 5, 2012

حیزب وسەندیكای كارمەندانی تەندروستی


د. رەوشت رەشید



لەماوەی رابردوودا كۆنگرەی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی ئەنجامدرا. لە كۆنگرەكەدا ئەو ئەندامانەی كە سەر بە یەكێتی و پارتی نەبوون بەرامبەر بە كۆمەڵێك گەندەڵی و ناتەبایی نێو كۆنگرەكە نارەزاییان پیشاندا و لەبەرئەوەی گوێیان لێنەگیرا كۆنگرەكەیان بەجێهێشت و پارتی و یەكێتیش بەبێ‌ گوێدانە نارەزایی وهاواری ئەندامانی دەرەوەی خۆیان كۆنگرەكەیان بەڕێكرد و پۆست و پایەكانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستیان وەكو برا لەنێوان خۆیان بەش كرد.
كەسێك سەیری روداوەكانی ئەم دواییەی كوردستان و نارەزایی شەقام وسوێند و پەیمانەكانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بكات،  لەوانەیە ئەوەی بە خەیاڵ دابێت كە رەنگە یەكێتـی و پارتی چاویان بەهەندێ‌ بابەت خشاندبێتەوەو هەندێك گۆرانكاریان لە عەقڵیەتی بەرێوەبردن و حوكمرانێتی خۆیان ئەنجام دابێت و بریاریان دابێـت موراجەعەیەكی ئەو هەموو گەندەڵی و ناعەدالەتیە بكەن كە خۆیان چەندین جار دانیان پیا ناوەو وەعدی گۆرینیان داوە.
بەڵام كۆنگرەی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی و چەندین رووداوی هاوشێوە  پێمان دەڵێن پێناچێت یەكێتی و پارتی بەم نزیكانە ئەم عەقڵیەتی پاوانكاریە وازلێبێنن و زەحمەتە بتوانن ئاوا زوو ئەم شێوازی هەڵبژاردن و بەرێوەبردنە بگۆرن.
ئەوەی لە سەرتاسەری دونیا باوە ئەوەیە سەندیكاكان رێكخراوی جەماوەرین و حیزب و دەسەڵات كەمترین رۆڵ و شوێندەستیان لەنێویدا هەیە. لەهەموو وڵاتێكی دیموكراتدا سەندیكا ئۆرگانێكە بۆ چاودێریكردنی گەندەڵی و ناعەدالەتی و ئیش دەكات بۆ داكۆكیكردن لە مافی خەڵكانێك كە ئەگەری ئەوە هەیە غەدریان لێبكرێت یان مافیان بخورێت. كەچی لەكوردستان هاوكێشەكە سەراوژێر بۆتەوەو سەندیكا بووە بە یەكێك لە كەناڵەكانی حیزبی دەسەڵاتدارو بەجۆرێك لەجۆرەكان مافی ئەندامانی پێشێل دەكات.
 لە دوواكەوتوترین شوێنی دونیاش، بواری تەندروستی و پزیشكیی بوارێكی تەواو خزمەتگوزایی و سەربەخۆیەو بەهیچ شێوەیەك نەكراوە بە گۆرەپانێك بۆ یەكلایی كردنەوەی كێبركێ‌ و تەماحە سیاسیەكان. لەهیچ شوێنێكی دونیا نەبووە پۆست و پایە تەندروستیەكان وەكو مەنحەی سیاسی بدرێن بە ئەندامانی حیزب و، سەندیكاو ئۆرگانە خزمەتگوزاریەكان بكرێن بە مۆڵگەی كۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب و دوورخستنەوەو بەپەراوێزكردنی خەڵكی ناحیزبی. 
كەچی تا ئێستاش لەكوردستانی (دیموكرات) دا پۆستی بەرێوەبردن و كارگێری نەخۆشخانەو فەرمانگەكانی تەندروستی و سەندیكاو ئۆرگانە پەیوەندیدارەكان بەم بوارە لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار قۆرخ كراون و ناهێڵن خەڵكی بەتوانا ئەگەر حیزبی نەبێت لەم پۆستانە خزمەتی خەڵك بكات.
لێرەدا پرسیارێك دێت بە هزرمان:  تۆ بڵێی یەكێتی و پارتی بۆچی ئەم شەڕە گەورەیە لەسەر بردنەوەی پۆستی بەرێوەبردنی سەندیكایەك بكەن؟ ئایا سەندیكای كارمەندانی تەندروستی وەزارەتی نەوت یان ناوخۆ یان داراییە ؟ ئایا سەندیكای كارمەندانی تەندروستی چ ئیمتیازێك وبەرژەوەندیەكی ئاوا گەورەی تیایە كە وا بكات یەكێتی و پارتی شەری شەرعی و ناشەرعی بۆ بردنەوەی بكەن؟ ئایا یەكێتی و پارتی ئەوندە خزمەتكاری میللەت و خەمخۆری كاری جەماوەری و دیموكراتیخوازن كە وایان لێبكات شەر لەسەر بردنەوەی پۆستی بەرێوەبردنی سەندیكا جەماوەریەكان بكەن؟
لەراستیدا نەسەندیكاكان تائێستا توانیویانە ئۆرگانی خزمەتگوزارو داكۆكیكار بن لە مافی ئەندامان و خەڵك، نە یەكێتی و پارتیش ئەوەندە خەمخۆر و دیموكراتیخوازن خەمی ئەوەیان بێت ئەگەر سەندیكا نەكەوێتە دەستێكی ئەمینی وەك هی ئەوان ئەوا مافی خەڵك پێشێل دەكرێ‌ و كاری جەماوەری و دیموكراتی پەكی دەكەوێت.
هەموو چیرۆكەكە ئەوەیە سەندیكای كارمەندانی تەندروستیش وەك سەرجەم ئۆرگانە بەناو جەماوەریەكانی دیكەی ئەم وڵاتە بووە بە بارەگایەك بۆ جێكردنەوەو رازیكردنی ئەندامانی حیزبی و یەكلایی كردنەوەی پلانە سیاسیەكانی یەكێتی و پارتی و فری بەسەر خزمەت و پاراستنی مافی خەڵكەوە نیەو گەمەیەكی ترە كە دەسەڵاتی سیاسی لەم وڵاتە بە ئیرادەو ویستی جەماوەری كوردستانەوە دەیكات. 


No comments:

Post a Comment