د. رەوشت رەشید
سەرەتا بابزانین پزیشكی نیشتەجێ كێیە؟ پزیشكی نیشتەجێ ئەو پزیشكانەن كە زۆربەی كات دەبێـت لەنێو نەخۆشخانەكان ئامادەبن هەربۆیەش پێیان دەڵێن نیشتەجێ، واتە نیشتەجێی نەخۆشخانەن. ئەمانیش دوو جۆرن: پزیشكی نیشتەجێی خولاو ( مقیم دوری): ئەوانەن كە تازە كۆلێژیان تەواو كردووەو بۆماوەی دوو ساڵ هەر جارەو لە نەخۆشخانەیەك دەوام دەكەن و سەرجەم نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و یەكەكانی بوژانەوەی دڵ و رەدهەو بەشەكانی نەخۆشخانەكان بەرێوەدەبەن. جۆری دووەمی پزیشكانی نیشتەجێ بریتین لە پزیشكانی نیشتەجێی دێرین ( مقیم اقدم) ئەمانە ماوەی نیشتەجێبوونی خولاویان تەواو كردوەو دوای ساڵێك خزمەتكردن لە شارۆچكەكان گەراونەتەوە بۆ ناو نەخۆشخانەكانی شارو لە پسپۆریی جیاجیا وەكو پزیشكی نیشتەجێی نێو نەخۆشخانەكان كاردەكەن و كاتێك پزیشكی نیشتەجێی خولاو شتێكی لەلا زەحمەت بێـت پشت بەمانە دەبەستێت و داوای یارمەتی لەمانە دەكات.
پزشكانی نیشتەجێ زۆربەی ژیانیان لەنێو نەخۆش و نەخۆشخانەكانە. كاتێك نەخۆش دەروات بۆ نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و بنكەكانی چارەسەریی زۆربەی كات یەكەم پزیشك كە پێشوازی لە نەخۆشەكە دەكات و چارەسەریی بۆ دەكات پزیشكی نیشتەجێیە. ئەوەی چاودێری بەردەوامی تەندروستی نەخۆشەكانی فریاكەوتن و یەكەكانی بوژانەوەی دڵ دەكات پزیشكیی نیشتەجێیە. ئەوەی شەونخوونیی بەدیار نەخۆشێكەوە دەكات و تابەیانی بەدیاریەوە دادەنیشێـت پزیشكی نیشتەجێیە. ئەوەی بەردەوام سەماعەو ئامێری پشكنینی فشاری خوێنی بەدەستەوەیەو لەم نەخۆش بۆ ئەو نەخۆش و لەم ژوور بۆ ئەو ژوری نەخۆش راكەراكەیەتی و بەردەوام بەنێو نەخۆشەكاندا دێت ودەچێت پزیشكی نیشتەجێیە. ئەوەی بەیانیان پێش هەموو كەس و شەوانیش دوای هەموو كەسێك دەچێـت پشكنین بۆ ئەو نەخۆشانە ئەنجام دەدات كە لە نەخۆشخانەكان داخیل كراون، پزیشكی نیشتەجێیە. ئەوەی لەكاتی تێكچوونی تەندروستی نەخۆش لەنیوەشەو ئاگادار دەكرێتەوەو هەمیشە ئێشكگرو بێدارە پزیشكی نیشتەجێیە. ئەوەی تەحەمولی تورەبوون و هەرەشەو هەڵچوونەكانی نەخۆش و كەسوكاریان دەكات پزیشكی نیشتەجێیە. هەروەها ئەوەی تەحەمولی تورەبوون و هاوارەكانی پزیشكانی پسپۆرو دەكات و هەندێ جاریش باجی هەڵەو ناتەباییەكانی پزیشكانی پسپۆر دەدات پزیشكی نیشتەجێیە.
بەكورتی پزیشكی نیشتەجێ نەبێت نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و بوژانەوەی دڵ و سەرجەم یەكەو بنكەكانی چارەسەری پەكیان دەكەوێـت و تێكرای سیستەمی چارەسەری لە وڵات تووشی قەیرانێكی گەورە دەبێت.
با ئێستا بپرسین: لەئاست ئەم هەموو ماندووبوون و شەونخوونی و بەرپرسیارێتیە، خەڵك و حكومەت چۆن پاداشتی پزیشكانی نیشتەجێ دەدەنەوە؟
حكومەت وما ادراك ما الحكومەت؟ ئەوەی كە خەڵكی برد بە هەلاكەت، زۆربەداخەوە كەمترین حیسابی بۆ ئەم ماندووبوون و ئەم رۆڵەی پزیشكانی نیشتەجێ كردووە. لەرووی ماددیەوە موچەی مانگانەی پزیشكێكی نیشتەجێ كە زۆربەیان كرێچین بەشی كرێی خانوەكەو مەسرەفی مانگێكی بژێوی خۆی و خانەوادەكەی ناكات و لەتێكرای مانگەكە ناتوانێت ئەوەندە لەخۆی سەرف بكات كە كوری بەرپرسێكی نەخوێندەواری حیزب لە دوو شەو سەرفی دەكات. پاشەكەوت و بینینی دونیا و سەفەرو ئەمانەش یەكێكن لە خەیاڵە رەنگاورەنگەكانی پزیشكانی نیشتەجێ.
هەرچی كۆمەڵگاو خەڵكیشە زۆرجار هەڵوێستیان لەم هەڵوێستەی حكومەت باشتر نیە. ئەوەتا لەلایەك لەجیاتی دەستكوشین و دەستخۆشیكردن لێرەو لەوێ دەست ئەكەن بە گلەیی كردن لەپزیشكانی نیشتەجێ و دەڵێن موقیمەكان هیچ نازانن. لەلایەكی تریش زۆرجار لە بەشەكانی فریاكەوتن و لە نەخۆشخانەكان هێرشیان دەكەنە سەرو سوكایەتیان پێدەكەن و هەندێجاریش لێیان دەدەن. خۆ ئەگەر پزیشكێكیش دەمی كردەوەو گلەیی كرد، ئەوا پێش هەموو خەڵك سەندیكا خاوەن هەڵوێستەكەی پزیشكان لەلایەك و میدیا نمونەییەكەی كوردستان لەلایەكی تر رەخنەیان لێدەگرێـت و پێیان دەڵێـت ئێوە پزیشكن ودەبێـت تەحەمولی تورەبوون و هەڵچوونەكانی خەڵك بكەن.
ئیدی بەمجۆرە پزیشكانی نیشتەجێ وەكوسەربازێكی وون لەنێوان بەرداشی حكومەت و خەڵك بوون بە قوربانیەكی بەردەوام لەم سیتسەمە گەندەڵەی كوردستان.
yes. I agree with you. But I add; unfortunately rotators of today may be (generally) less enthusiastic in their jobs than before.
ReplyDeleteVery true and sad story of the resident doctors.Just to add that they are also deprived from their basic rights of supervision and professional medical education through out their training.
ReplyDeleteIt is not right that the resident doctors are left alone in all the acute areas that you have mentioned without the supervision of the senior doctors who has the reposnsibilty to teach and supervise.
The salary of resident doctors is also shockingly low cmpared with any other profession that is not considering the long hours that they work!
I say they are the true heros of the kurdistan health system and should urgently given the attention and support of all the doctors.
Dr Shakawan Ismaeel