Monday, March 5, 2012

ئیسعافەكەی حكومەت (دەبلی) نیە!!


د. رەوشت رەشید

ماوەیەك بەر لە ئێستا لە شاری سۆران مناڵێك لەكاتی خواردن شتێك لە بۆری هەناسەی گیر ئەخوات و ئەیبەن بۆ نەخۆشخانەی سۆران. لەوێ‌ دوای پشكنین پێیان دەڵێن دەبێت بەپەلە بگەیەنرێتە هەولێر و لەوێ‌ بە جیهازی برۆنكۆسكۆپ بۆی دەربهێنن. هەر لە نەخۆشخانەكەشەوە تەلەفۆن دەكەن بۆ پزیشكی ئێشكگری لوت و قورگ و گوێ‌ ی تایبەتمەند بە برۆسكۆپ لە هەولێر و ئاگاداری دەكەنەوە كە حاڵەتێكی ئاوها هەیە بۆئەوەی خۆی و ستافەكەی بۆكاری پێویست ئامادە بكات. بەڵام دوای دوو سەعات پزیشكەكەی هەولێر سەیر دەكات هێشتا مناڵەكە نەگەیشتۆتە هۆڵی نەشتەرگەری لە هەولێر بۆیە تەلەفۆن دەكاتەوە بۆ نەخۆشخانەی سۆران و پرسیاریان لێدەكات ئاخۆ ئەو مناڵە بۆ نەگەیشت ؟ برادەران لە سۆران وەڵام دەدەنەوەو دەفەرموون : بە شۆفێری ئیسعافەكەی نەخۆشخانەمان ووت ئەم مناڵە وەزعی شڕە و بەپەلە بیگەیەنە هەولێر بەڵام كاكەی شوفێر ووتی ناتوانم چونكە رێگا بەفرو سایەقەیە ئیسعافەكەشمان دەبلی نیە بۆیە ئەترسم لە رێگا پەكمان بكەوێـت. ئیدی ناچار خزموكەسی مناڵەكە رۆیشتوون لەدەرەوەی نەخۆشخانە سەیارەیەك بدۆزنەوە كە دەبڵی هەبێت.
بەڵی بەرێزان ئیسعافەكەی حكومەت دەبڵی نەبوو بۆیە خزموكەسی مناڵەكە دوای گەرانێكی زۆر سەیارەی خێرخوازێك دەدۆزنەوە كە دەبلی هەیە و مناڵەكەی پێ‌ دەگەیەننە هەولێر. ئەوەشتان بۆ باس ناكەم مناڵەكە لەرێگا چی ئازارو ئەزیەتێكی بینیوە چونكە ئەم سەیارەیە هیچ رێوشوێنێكی تایبەت بەگواستنەوەی نەخۆشی تیا نیە كە گرنگترینیان جیهازی ئۆكسجینە. ئیدی هەرچۆنێك بێت مناڵەكە لەرێگەی سەیارەی خێرخوازێك بەبێ‌ هەبوونی جیهازی ئۆكسجین و بە هەناسەسواریی دەگەیننە هەولێر و لەوێ‌ خۆشبەختانە چەند خولەكێك پێش ئەوەی مناڵەكە بەتەواوی پەكی بكەوێت فریای دەكەون و لە مردن رزگاری دەكەن.
كاتێك ئەم بەسەرهاتە دەخوێنینەوە پێش هەموو شتێك پرسیارێكی زۆر سادە دێت بە خەیاڵمان ئەویش ئەوەیە: بۆ دەبێت لە تێكرای دەڤەری سۆران جیهازێكی سادەی برۆنكۆسكۆپ و پسپۆرێكی تایبەت بە بەكارهێنانی ئەم جیهازە نەبێـت بۆئەوەی لەكاتی روودانی حاڵەتێكی ئاوها بتوانێت خەڵك لە مردن رزگار بكات و بۆدەبێـت تێكرای دەڤەری باڵەكایەتی و  سۆران و رواندز و سیدەكان و بارزان و هەریر و خۆشناوەتی  وسەرجەم  شارو شارۆچكەكانی سەر بەم دەڤەرانە لەحاڵەتێكی ئاوهادا پەنا ببەن بۆ پایتەخت و ئەو هەموو رێگا دوورە ببرن بۆ چارەسەركردنی نەخۆشێك؟
پرسیارێكی تر ئەوەیە بۆدەبێت ئیسعافی نەخۆشخانە سەیارەیەكی ئاوها بێكەڵك بێت كە نەتوانێـت لەرۆژێكی بەفراویدا بجولێت و نەخۆش بگوازێتەوە، شەرم نیە نەخۆشخانە پەنا بۆ سەیارەی خەڵك ببات بۆ گواستنەوەی نەخۆشەكانی؟ ئەوپەری گەندەڵی نیە حكومەتێك كە بودجەی ساڵێكی 13 تریلیۆن و 600 ملیار دینار بێت نەتوانێت لەلایەك سێتێكی برۆنسكۆپ كە نرخی باشترین جۆری لە 40000 دۆلار تێپەرناكات لەگەڵ پزیشكێكی پسپۆری بەكارهێنانی ئەم جیهازە بۆ دەڤەرێكی گەورەی وەكو سۆران دابین بكات ولەلایەكی تریش نەتوانێت چەند ئۆتۆمبیلێكی باش بۆگواستنەوەی نەخۆشەكان لەنێوان سەنتەرەكانی چارەسەری ئامادە بكات؟
ئایا ئەمەیە ئەو خزمەتگوزاریانەی كە لە دەزگاكانی راگەیاندن لافی پێ‌ لێدەدەن و زوو زوو وەكو منەت دەیدەنەوە بەچاوی خەڵكی كوردستان؟ ئایا ئەمەیە ئەو پەیمانانەی لەكاتی هەڵبژاردن بەخەڵكتان دەدا؟ ئایا ئێمە بۆئەوە دەنگماندا و متمانەمان پێبەخشین بۆئەوەی لە نەخۆشخانەكان پێمان بڵێن برۆن بۆخۆتان سەیارە دابین بكەن ئیسعافەكەی ئێمە دەبڵی نیە؟
من تێناگەم لەنێو ئەم هەموو گەندەڵی و بێبەرنامەیی و بێسیستەمیەی نێو كایەی تەندروستی كێیە ئەوەی جورئەت ئەكات و ئەڵێت شتی  باش كراوە؟ 


No comments:

Post a Comment