د. رەوشت رەشید
ئەگەر رەخنەگرێك سەیری ئەم مانشێتەی سەرەوە بكات رەنگە بڵێت: شتی وا نیە، هەرگیز وەزارەتی تەندروستی یەكەم نەبووەو هەمیشە دونیایەك گەندەڵی و ناعەدالەتی تێدا هەبووە. بەدیوێكی تریش رەنگە یەكێك لە فەرمانبەرەكانی وەزارەتی تەندروستی بڵێـت: ئۆخەی ئەوە نەمردم و جارێكیان بیستم كە وەزارەتەكەی ئێمە یەكەمە. من بە كاكەی رەخنەگرو بە فەرمانبەرە هێژاكەی وەزارەتی تەندروستی و بە خوێنەرانی خۆشەویستیش دەڵێم: هیچ خۆتان مشەوەش و سەخڵەت مەكەن و با ئەم مانشێتە توشی حەپەسانتان نەكات، بەڵێ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی راپۆرتی لێژنەی چاكسازیی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەریزی پێشەوەیە و پێشەنگە. بەڵام لە خزمەت و لە پاكیی و لە یەكسانی و لە خەمخۆریی نا، بەڵكو لە گەندەڵیی.
بەڵێ راپۆرتی لێژنەی چاكسازی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەی خستۆتە روو كە خراپترین وەزارەت، وەزارەتی تەندورستیە و باس لە دونیایەك گەندەڵی و نارێكی ناو وەزارەتەكە دەكات. ئنجا ئەگەر حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم خۆیان باسی ئەو گەندەڵیە بكەن ئەی دەبێ ئەوەی باس نەكراوە چەند و چۆن بێت؟!!
كەسێك سەردانی نەخۆشخانە و دەرمانخانەو تاقیگەو بازاری پزیشكیی و سەنتەرەكانی چارەسەریی و كایەكانی تایبەت بە تەندروستیی بكات و گوێ لە گلەیی هاوڵاتیان وكارمەندان و پزیشكان ورۆژنامەنوس و رەخنەگران بگرێت تتێدەگات كە ئەوەی لەراپۆرتەكەدا هاتووە دڵۆپێكە لە روبارێك و سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سیستەمە هەرە نارێك و گەندەڵ و دواكەوتوەكانی دونیا.
بەڵام كاتێك سەرۆكایەتی هەرێم و دەسەڵات دێن وەكو چاودرێرێك و وەكو دادوەرێك ئەم راستیانە دەخەنە روو پرسیارێكی زۆر سادە دێت بە هزری هموو كەسێك ئەویش ئەوەیە كێ لەم هەموو ناعەدالەتی و گەندەڵیە بەرپرسە و ئەم باروودۆخە بۆ گەیشتە ئەمرۆو ئایا خودی دەسەڵات دەكەوێتە كوێی ئەم هاوكێشەیەوە؟
من پێم وایە بەرپرسی یەكەم لەم گەندەڵیە هەردوو هێزە سیاسیە باڵا دەستەكەی كوردستان و دەسەڵات خۆیەتی. ئەوان بوون داروبەردی وڵاتیان بەسەر دوو رەنگدا دابەش كردو حیزبایەتیان بردە ناو سەرجەم كایەكانی ژیانی ئێمە. ئەوان بوون وایان كرد سەرجەم پۆست و پایە ئیداری و خزمەتگوزاریەكان لەسەر بنەمای حیزبی بدرێن بە خەڵك و لە بەرپرسی یەكەیەكی بچوكی ناو نەخۆشخانەیەك بگرە تا سەرجەم پۆستە هەستیارو گرنگەكانی كایەی تەندروستی لەسەر بنەمای حیزبی دابەش بكرێنن و وەكو مەنحەیەك لە حیزبەوە بدرێن بەخەڵكانێك كە رەنگە شایەنی ئەو پۆستە نەبووبن. لەسایەی ئەم بەحیزبیكرنەشەوە چاو لەدونیایەك گەندەڵی و ناعەدالەتی و دونیایەك تاوانی زاتەحیزبیەكانی نێو كایەكانی تەندروستی پۆشرا. ئیدی ئەوانەی نزیك بوون لە حیزب و دەسەڵات لەرێگەی بازرگانیكردن بە تەندروستی و گیانی خەڵك بوون بە دەوڵەمەندو پایەداری گەورەی ئەم وڵاتە و كەسیش نەبوو پێیان بڵێت بۆ.
بۆیە كاتێك دەسەڵات دێت گلەیی لە وەزارەتی تەندروستی دەكات دەبێت ئەوەی لەبیر نەچێت كە خۆی بەرهەمهێن و داهێنەری گەندەڵیەكانی نێو ئەم وەزارەتەیە. خۆی بەرپرسی یەكەمی ئەم دۆخە گەندەڵ و نادروستەیە. هەربۆیەش بەرپرسیارێتی یەكەمی چاكسازی و گۆڕین دەكەوێـە ئەستۆی خودی دەسەڵات بە سەرجەم سەرۆكایەتیەكانیەوە.
بڵاوكردنەوەی راپۆتیش لەسەر ئەم گەندەڵیە رەنگە سەرەتاییترین و سادەترین هەنگاو بێت بۆ پیاچوونەوە بە هەمووئەو تاوانانەو سزادانی ئەنجامدەرانی و هەوڵدان بۆ دووبارەنەبونەوەیان و گۆڕینی تێكرای سیستەمی سەقەتی تەندروستی لە كوردستان.
ئێستاش چاككردنی ئەم بارودۆخە تەنها بەوە نابێت بڵێن فڵان كەس گەندەڵ بوو تەواو، لەوەو دوا چاكی دەكەین. دەبێـ هەنگاوی یەكەم ئەوە بێت بەپێی یاسا سزای هەموو ئەو كەسانە بدرێت كە بەرهەمهێنی ئەم دۆخە بوون و سەرجەم فایلە كۆنەكانیش بهێنرێنە دەرەوەو لێژنەی لێكۆڵینەوەیان بۆ دروست بكرێت.