د. رەوشت رەشید
ماوەیەك بەر لە ئێستا بۆ وەدەستهێنانی هەندێك لە مافەكانیان پزیشكانی شاری هەولێر مانگرتنێكیان راگەیاند. یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو مانگرتنە ئەوە بوو چەندین جار لەلایەن چەكدراران و هەندێك خەڵكی دەسەڵاتدار لەكاتی ئیشكردن هێرش كراوەتە سەر پزیشكان و سوكایەتیان پێكراوە، هەربۆیەش یەكێك لە داواكان بریتی بوو لەوەی چیتر هێزەكانی پۆلیس لە پاسەوانێتی و پرسگەی نەخۆشخانەكان نەمێنن و لەجیاتی ئەوان هێزەكانی زێرەڤانی بەو كارە هەڵبستن، بەوپێیەی كە پۆلیس نەیتوانیوە وەكو پێویست بەرگری و پارێزگاری بكات و بەبەرچاوی ئەوانەوە سوكایەتی بە پزیشكان كراوەو هەندێك جاریش پۆلیس خۆی بەشداری ئەو سوكایەتیپێكردنەی كردووە.
دیارە پزیشكان چەندین داوای تریشیان پێشكەش بە حكوكمەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردبوو بەڵام یەكەم داوا كە جێبەجێ كرا بریتی بوو لەوەی پرسگەو پاسەوانێتی سەرجەم نەخۆشخانەو بنكەكانی تەندروستی لە هەولێر تەسلیم بە زێرەڤانی كرا.
ئەگەرچی تا سەرئێسقان هاودەنگ و هاوڕام لەگەڵ پزیشكانی هاوەڵم بۆ وەدیهێنانی مافەكانمان و بەهەموو شێوەیەك دژی ئەو پێشێلكاریانەم كە دەرهەق بە پزیشكان دەكرێت، بەڵام ئەمە رێگر نیە لەوەی چەند پرسیارو سەرنجێك بخەمە روو دەربارەی سپاردنی نەخۆشخانەكان بە هێزەكانی زێرەڤانی .
سەرەتا دەپرسم ئایا بۆچی لە وڵاتی ئێمە پۆلیس دسەڵاتی نیەو بۆچی زێرەڤانی هەیبەت و دەسەڵاتی لە هی پۆلیس زیاترە؟ ئایا ئەو شتانە چین كە زێرەڤانی دەتوانێت بیانكات و پۆلیس ناتوانێت؟ ئایا كێ بەرپرسە لەوەی هێزێكی یاسایی ودێرینی وەكو پۆلیس ئاوا بچوك بێتەوەو هەیبەت و شكۆ و متمانەی لای خەڵك نەمێنێت و وابكات پزیشكان داوای هێزی ترو پاڵشتی تری جگە لەپۆلیس بكەن؟
كاتێك باسی زێرەڤانی دەكرێت من بیرم بۆئەوە دەچێت كە هێزێك بێت لە حەمرین و خانەقین و مەندەلی و ناوچە جێناكۆكەكان خەریكی خزمەت و گیانفیداكاری بن و سینگی خۆیان كردبێتە قەلغانی گولەی هەموو ئەو دوژمنانەی كە دەیانەوێت غەدر لە كورد بكەن، نەوەك چەند چەكدارێك بن لە پرسگەی نەخۆشخانەكان خەریكی چارەسەركردنی كێشەی نێوان پزیشكان و هاوڵاتیان بن و دەسەڵات بەكاریان بێنێت بۆئەوەی بیسەلمێنێت كە پۆلیس تواناو شەرعیەتی پاراستنی یاسا وژیانی خەڵكی نیە. هەبۆیەش وێنەی ئەوەی كەوا یەكەم كەسێك كە لەنێو بنكەكانی چارەسەری پێشوازی لە نەخۆش و هاوڵاتیانی مەدەنی بكات بریتی بێت لە زێرەڤانی وێنەیەكە چەندە كۆمیدیە ئەوەندەش تراژیدی و، دۆخێكە چەندە نەشازە ئەوەندەش غەمگین و ناهاوسەنگ.
دیارە ئەم دۆخە زۆر نزیكە لەوەی لەسەردەمی بەعس دەربارەی پۆلیس و هێزە تایبەتەكان دەمانبینی. بەعس ئیشێكی گەورەی كرد بۆئەوەی پۆلیس و هێزە مەدەنیەكان بەهاو دەسەڵاتیان نەمێنێت و لەبری ئەوان چەندین هێزی تری لەژێر ناوی جۆراوجۆری وەك (قوات خاسە) و (فیدائیەكانی سەدام ) و (حەرەس جمهوری) و (مغاویر) دروست كرد كە هەرهەموویان دەسەڵاتیان لەهی پۆلیس زیاتر بوو.
ئەم داوایەی پزیشكان و ئەم قەبوڵكردنەی حكومەت دانپیانانێكی زۆر ئاشكرایە كە پۆلیس لە وڵاتی ئێمە دەسەڵاتی نیە و هی ئەوە نیە پشتی پێببەسترێت، لەلایەكی تریش مەیلێكی دەسەڵاتە بۆ شەرعیەتدان و جێپێگرتنەوەی هێزی تری وەك زێرەڤانی و بەشداریپێكردنی ئەو هێزانەیە لە ژیانی مەدەنیانەی خەڵك و فەرمانبەران و بەعەسكەریی كردنی نەخۆشخانەو فەرمانگە حكومی و خزمەتگوزاریەكانە، كە بەمانایەكی تر بریتیە لە بەعەسكەرتارێتیكردنی ژیان.
ئێستا داواكەی پزیشكان وەك مسەلەی فیلەكەی خاوەنشكۆ وایە: لەجیاتی ئەوەی گلەیی لە دەسەڵات بكەن و بڵێن چەكدار و پیاوە دەسەڵاتدارەكانی ئێوە لەنێو بنكەكانی تەندروستی شكۆو كەرامەتیان شكاندووین، هاتوون ئەڵێن ئەی خاوەنشكۆ زێرەڤانی و هێزی تایبەتمان بۆ بنێرە بۆئەوەی بەردەوام بەبەرچاومانەوە بن و ئاگایان لێمان بێت. هیوادارم رۆژێك نەهێت پزیشكان بلێن هەزار خۆزگەمان بە كفن دز.